Monday, March 24, 2014

مەرگی کاریزما


مەرگی کاریزما؛ یەکیەتی وەک نموونە


بڕواناکەم پێویست بکات، باس لە مێژووی کاری جەماوەری لە کوردەواریدا بکەین کە چۆن دەنگی لێکترازاوی نێو خۆی سڕیوەتەوە. کەواتە با راستەخۆ بچینە سەر ناوەڕۆکی ئەم یادداشتە؛ ئەم بارودۆخەی ئێستای ھەرێمی کوردستان چیمان پێدەڵێت‌و لەگەڵ سونەتی سڕینەوەی چ جیاوزیەکی هەیە؟

ئەم یادداشتە هان دەدات تاکوو ئاماژە بە درز‌و بۆشایەکی نوێ لە نێو ئەرگۆمێنتەکانی کۆمەڵگای کوردی بکات کە ماویەکی زۆرە کۆمەڵگای نوێی کوردی ئەم بۆشایی‌و درزەی سازکردووە، بەڵام کەمتر هەستی پێکراوە.

دەست خستنە سەر یەکیەتیش بەم هۆیەیە کەم هەم پێشەنگە، واتا بە هۆی پێشەنگ‌بوونی یەکیەتیشەوەیە کە هەوەڵ هێزی کوردستانیشە کە رووبەڕووی ئاستەنگاکان دەبێتەوە، هەم دڵێکی فراوانتری لە لایە، باقی لایەنەکان دەست کە هیچ، لێشیان نزیک بیتەوە، وەک کەڵەشێری لاری لێت راست دەبنەوە!



-        لۆجیکی ئینفۆرماڵ
گەر لە دوورەوە لە ھەرێم بڕوانین، بۆ نموونە بچۆ سەر کورەی مانگ‌و ئینجا بە تلێسکۆپێکەوە لە ھەرێمی کوردستان بڕوانە، واتا خۆت لە دۆخی ھەرێم، وەک سابجێکتێکی نێو ئەم دۆخە، رزگار بکەو ئینجا بڕوانە لە ساحەی ئێستای کورد. ورد بڕوانە چیھا قرم‌و‌قاڵ‌و دەنگ‌و ھەرا دەبیستی کە لوول دەخۆنەوە بە نێو یەکدا، ئینجا گرنگ‌ترین خەسیسەی ئەم ساحە ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین ھیچ لە ھیچ بکەینەوە. ئەمە دەقێقەن ھەمان مەیدان‌و ساحەی ئیشکردنی لۆجیکی ئینفۆڕماڵ(Informal Loghic)ە.

"راڵف جانسوون" فەیلەسووفی ئەمەریکی لۆجیکی ئینفۆڕماڵ بەم شێوە مانا دەکات؛ "لقێک لە لۆجیک کە پەرە دەدات بە دۆخی شتە نارەسمیەکان کە لە ھیچ ستاندارد‌و شێوازێکی عەقڵی پەیڕەوەی ناکات بە مەبەستی لێکدانەوە‌و ھەڵسەنگاندن‌و تەفسیرکردن‌و نەقدکردنی ئەو ئەرگۆمێنتە ون‌و تەم‌ومژاویانە."

ئەمە پێچەوانەی لۆجیکی ئەرستووە کە ناودارە بە لۆجیکی فۆڕماڵ‌و لە رێگەی دال‌و مەدلوولەکانەوە دەچێتە پێش. "جمھوور"ی ئەفلاتوون‌و دەمەتەقێی نێوان ئەفلاتوون‌و سوقڕات بە باشترین لۆجیکی ئینفۆرماڵ ناسراوە. لۆجیکی ئینفۆڕماڵ بەم مانا نیە کە جێگەیەک تەم‌ومژ دایگرتووەو بچین‌و تەم‌و مژەکە لابدەین تاکوو راستیەکان دەرکەوەێت، بەڵکو لۆجیکی ئینفۆڕماڵ کار لەسەر خودی تەم‌و مژەکە دەکات. زۆر بابەتی وەک "بزووتنەوە"، "شۆڕش"، "سەرھەڵدان"‌، "ھەڵبژاردن"‌و جەدەلە مێدیایەکان کە لە ھیچ داڵێکی روون‌و ھاوشێوە سەرچاوە ناگرن، بابەتی لێکدانەوەی لۆجیکی ئینفۆڕماڵن‌و خۆشیان دەکەونە بازنەی ئەرگۆمێنت‌و لۆجیکی ئینفۆرماڵ.

دووبارە لەسەر کۆرەی مانگەوە لە دۆخی کوردستان بڕوانە، ئێستا بە باشی تێدەگەین کە ئەم دۆخەی ئێستای ھەرێم(تەم‌و مژ) لەو رووەوە کە ھەموو کۆمەڵانی دیکەش ھەیانە، شتێکی ئاساییە. کەواتە ھەوڵ ھەنگاو لەم خوێندنەوە کە رووکەشە، ئەمەمان پێدەڵێت؛ "مەترسەو ھەراسان مەبە..." لە چی؟ لەم دەمەتەقێی نێوان لایەنەکان‌و ئەوەی کە بڕاکوژی رووبداتەوە. براکوژی، دەیاردەیەک کە کورد باش ھەستی پێدەکات، یانی کۆمەڵگای کوردی دارای خەسیسەیەکی جیاوازە لە کۆمەڵگاکانی‌تر کە براکوژیە(راستە ئەمەریکییەکانیش براکوژ بوون، بەڵام خەسیسەی زاڵی ئێستایان نیە، جیاوازیەکە لێرەدایە)، کەواتە رەوایە بترسین. ھەنگاوی دووھەم دەبێتە ئەمە؛ "بترسە، لە ناخیشەوە بترسە لە براکوژی." ئینجا ئەمە ھەم ترسانەو ھەم نەترسان، لۆجیکی ئینفۆڕماڵ راستەخۆ دەست دەخاتە سەر ئەم برینانەو ھان دەدات ئەم ئاستەنگانە وەلا بنێت تاکوو رێگری لە پێشکەوتنی کۆمەڵگا نەکەن، واتا لە ئەرگۆمێنتی رۆژانەو بەردەوامی کۆمەڵگادا ھۆی زۆر لە ناکۆکیەکان رۆژانەن، یانی لە روانگەی لۆجیکی ئیمفۆڕماڵەوە بەستنەوەی ئەم ئەرگۆمێنتانە بە خەسیسە دیارەکانی وەک براکوژی کورد ھەوەڵ ھەنگاوی سەقەت بوونی جۆش‌و خرۆشی نێو کۆمەڵگایە. بەڵام هێشتا کێشەکە ھەر ماوە‌و لەسەر جێگەی خۆیەتی، واتا ناتوانی بە لەبەرچاو نەگرتنی براکوژی، خەسیسەی براکۆژی بسڕێتەوە چون کۆمەڵگای کوردی براکوژە، ھەر ئان‌و سات –گەر پێغەمبەریش بێت- ھەر ئەوەندەی بەرچاوی تاریک بێت، کوێرانە دەست دەباتە چەک‌و بەرانبەرەکەی خەلاس دەکات؛ ئەمە بەشێکی زاڵی نێو ناخ‌و سایکۆلۆژیای کوردە، بەرچاوی تاریک دەبێت‌و لە ساتەوەختی سەرشێت‌وبوونیدا وەک کابۆیەکی ئەمەریکی یان سامورایەکی ژاپۆنی راستەخۆ دەست دەباتە چەک. (ئێستە چەک رووی خۆی گۆڕاوە بۆ سڕینەوەو لە دەرەنجام دابەش بوونی حزبەکان بە سەر دوو یان چەند بەشدا.)

دەبینی چۆن داڵ‌و مەدلوولەکان ھیچ پێوەیندیەکیان پێکەوە نیە! ئەمە دەقێق ھەمان ساحەتی کاری لۆجیکی ئینفۆڕماڵە. لۆجیکی ئیفۆرماڵ بە چەندین ھۆ، وەک سەرشێت‌بوونی ئەمەریکییەکان، لە 100 ساڵی رابردوودا پەرەیەکی ھەرە گرنگی لە ئەمریکادا بەخۆوە بینیوە‌، بەڵام لە ئەرووپا چەندان بایەخی پێنادرێت.

چی بکەین بترسین یان نەترسین؟ ئەم پرسیارە خۆی پۆنگ‌خواردنەوەو جۆرێکی دیکە لە سەقەت‌بوونە کە ھیچ ناتوانین بکەین. بنووسین ھەروەی، نەنووسین ھەروەی! کوردە پەرۆشەکان تەنھا کارێک کە لەم ساحەتە گرنگانەدا پێیان کراوە، بریتی بووە لەمەی کە تکاو خوایشت‌و تەمەنا بکەن بەڵکو پەنجەکان سەرسام‌و سەرشێتی دەست لە چەک بوون(سڕینەوە) نەبن. لێرەدا بە مەبەستی زەفەربردن بۆ وڵام، ناچارین بچینە سەر نموونەی ئێستای واقعی کورد. خودی لۆجیکی ئینفۆڕماڵیش لێکدانەوەی بەردەوامە لەسەر واقعی رۆژانە‌و بە بێ نموونە ناکرێت ھیچ وڵامێک بدۆزینەوە یان لانی کەم نزیک بینەوە لە وڵام.

-        دواین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان
بۆ ھەوەڵین جار لە مێژووی کورد-دا لە 6 مانگی رابردوودا، واقعێکی زۆر نوێمان لە یەکیەتیدا بەر چاوکەوت؛ دوو لایەنی سەرەکی نێو یەکیەتی ھاتنە کایە کە ھیچیان نە دەیویست مل بە ئەوی دیکە بدات‌(بە ھەمان سوونەتی کۆنی کورد، واتا مل نەدان، مل نەدان خاڵێکی ئیجابیە، بەڵام تەنها ئەوکاتەی حوکمی واقع بەسەریدا حوکم بکات، مل‌نەدان لەم حوکمە بترازێت بێ یەک‌و دوو رووداوەکان دەکاتە کارەسات)و نە دەیانتوانی بێ ئەوی دیکە درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن(ئەمە خاڵە نوێکەیە، ھەمان خاڵی نوێ کە رێگریشە لە براکوژی یان سڕینەوە). ئەم دۆخەی ئێستای یەکیەتی پێش کەوتنێکی ھەرە گرنگە لە کۆمەڵگای پۆنگ‌خواردووی کوردا کە ھەمیشە لە دووڕیانی بترسین‌و نەترسین سەقەت دەبێت‌و ناچار یان لایەنێک دەروێشانە کز دەکات‌و نقەی لێوە نایەت یان لایەنەکەی دی دەیسڕێتەوەو دووکەرت دەبن‌و بزووتنەوەیەکی دیکە سازدەبێت.

لەم ئەزموونە نوێەی یەکیەتی ھەموو دەنگەکان تاکوو دواین دۆخی رەھای خۆیان رۆشتن‌و وەھای لێھات کە ھیچێک بۆ شاردنەوە نەماو و ئەم رەھابوونە بێژەری رەسمی یەکیەتی ناچارکرد کە دەست لە کاری بێژەربوون هەڵبگرێت، نەک لەبەر ئەوەی ھەست بێ حورمەتی بکات، نا؛ راستەخۆ لەبەر ئەوەی ھیچ نەدەما کە بێژەری یەکیەتی وەک ھەواڵ رایبگەیەنێت! چون هەموو هەواڵەکان بەر لە خۆشیان دەگەشتە مێدیاکان! تاکوو ئێستە، ئەم دۆخە رەھایە لە "نەشاردنەوەی شتە نەھێنیەکان" لە ھیچ حزبێکی کوردیدا تا ئەم رادەیە ئەزموون نەکراوە کە لە جێگەیەکدا بە براکوژی یان جیابوونەوە یان بێ‌دەنگ‌بوونی لایەنەێک نەگەشتبێت. نموونەی کاندیدی سەرۆک کۆمار دواین ململانێی ئاشکرای نێو یەکیەتی بوو، چی ما خەڵکی لێی ئاگادار نەبن؟! ئینجا کەواتە بۆچی یەکیەتی وەھای بەسەر نەھات، بۆ دووقاش نەبوو، بۆ رەشەکوژی تێیدا رووی نەداو ھتد، مەگەر یەکیەتی کورد نیە؟ یان رەنگە هێشتا زوو بێت‌و بڕیارە بەسەری بێت؟!

تاکوو بەر لەم دواین ھەڵبژاردنە، ھەموو کەس لای وابوو؛ "یەکیەتی ئیتر تەواو بوو." ئەمە ھەمان قەڕائەتی کۆنی کوردە کە ھەمیشە بووە بە کۆسپی بەردەم پێش‌کەوتنی کورد، ئەو نیگایەی کە ھەمیشە لای وایە ھەرکات نەھێنیەکان ئاشکرا بوو، ئەوە ئیدی کارلەکار ترازاوە‌و حوکم نەمانە. رەنگە ئاشکرابوونی نەھێنیەکان لە بڕێک کۆمەڵگادا بەرانبەر بێت لەگەڵ مەرگ، بەڵام سایکۆلۆژای کورد ئەمان پێدەڵێت کە ئاشکرابوونی نەھێنیەکان(کە ھەمیشەش باش نیە) ھیچ بە مانای مەرگ نیەو بەشدارکردنی قائمی خوارەوەو ھاوڵاتی لەو نەھێنیانە یان ناکۆکیەکان، متمانەی زیاتر بە کەسەکان یان ھێزەکان دەبەخشێت. بەشێک لە سایکۆلۆژیای کورد بریتیە لە بەشداری کردن لە غەمەکان‌و کێشەکان‌و پێ خۆشە شتێک بکات، کەواتە ئاشکرا بوونی نەھێنیەکان نەک یەکیەتی بێ ھێزتر نەکرد بەعەکسەوە سۆزی جەماوەریشی بە لای خۆیدا کێشا. ئەمە راستەخۆ چیمان پێ دەڵێت؟ نەھێنیەکان لە کورد مەشارەوە تاکوو ھێزی زیاترت پێ ببەخشێت. ئینجا بەعەکسەوە سایکۆلۆژیای فارسەکان لەگەڵ شاردنەوە زۆر کۆکە، ھەر بۆیە ئەدەبی کلاسیکیان لە حافزەوە بیگرە تاکو ئەمڕۆ لێواولێوە لە رازو مێتافۆڕ، ھەر بۆیە خەیام بە ئاشکرا دەڵێت؛ "گر پردە برافتد، نەتو مانی‌و نەمن" بەڵام لە کوردەواریدا پەردەش داکەوت‌و ھیچیش رووی نەدا، ئینجا تازە بۆ کورد، داکەوتنی‌پەردە هێشتا ھەوەڵی داستانەکەیەو دەیەوێت شتێک بکات‌و ئەم پەردە داکەوتنە بە بەشداری خۆی لە کێشەکاندا تەفسیر دەکات، نەک تەواوبوونی کێشەکان. ئەوەی کە کورد لە گۆرانیە فلکلۆرەکانیدا بە ئاشکراو ئاسایی ناو لە مەمک‌و سینە دەبات‌و بۆ فارسەکان شتێکی زۆر شارەوەیەو بڤە، راست ھەڵقوڵاوی ئەم دوو سایکۆلۆژیا جیاوازەیە.

ئەم ھاوسەنگی دوو باڵی نێو یەکیەتیەو موحتاج بوونی ھەردووکیان بە یەکتر، خۆی راستەخۆ لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە سەچاوەی گرت، واتا ئەو کاتەی کە یەکیەتی تێگەشت لە سەرووی چەک، پارەو مەقامات‌و زێڕو زۆرو ھەرجۆرە سامانێکی نیشتمانیەوە وەک نەوت، سامانێکی نیشتمانی ھەرە بە ھێزتر ھەیە کە ھەموو سامانەکان‌و ھێزەکان ئیفلیجی دەستی ئەم ھێزەن‌، ئەویش ھێزی ھەڵبژاردن‌و بڕیاردان بە دەستی ھاوڵاتییە، ھیچ حزبێک‌و لایەنێکی کوردی تاکوو ئێستە بە قەد یەکیەتی ھەستی بە جادووبوونی ئەم ھێزە نەکردووە. بە قەولی نیچە تەنھا خواکان دەزانن لە ئاستی خوا دابەزین یانی چی! هەر بۆیە هەر دوو باڵ بە باشی دەزانن سڕینەوەی یەکتر برانبەرە لەگەڵ بڕیاردانی نەرێنی جەماوەر!

لە لایەکی دیکەوە، ئەوەی کە گۆڕان گرنگی بە دەنگەکان نادات راست بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە کە بۆ گۆڕان ئاسانە گەڕانەوە بۆ دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی‌و لای وایە ئەو ھاوڵاتییەی کە دەنگی بە گۆڕان داوە خێری بە گۆڕان نەکردووە بەڵکوو خێری بە خۆی کردووە چوونکوو "ئەوە ئێمەی گۆڕانین کە بەشی دەستێنین"، گۆڕان گیرۆدەی وەھا نەفسیاتێکە ھەر بۆیە ئاوا بە غروورەوە مامڵەی لەگەڵ دەنگدان کردو ئینجا ئەمەی بەسەردا ھات‌و بڕواش ناکەم بەم زوانە لەو سایکۆلۆژیایە رزگاری بێت. ئەم سایکۆلۆژیایە لە دەنگەکان‌و راگەیاندنی گۆڕاندا بە ئاشکرایی دەبنینرێت؛ واتا دەنگێکی دەستووری، "دەبێت وابێت"، "وا بکەن، وامەکەن"‌و ھتد. زاڵ‌بوونی دەنگی فەرمان‌دان بەرانبەرە لەگەڵ سڕێنەوەی تەحلیل. شادەماری نەخۆشیەکەی گۆڕان ئەمەیە: "منەتان بەھیچ، دەنگم پێنەدەن خۆتان زەرەر دەکەن." راستە لە گۆڕانەوە شتی وا بە دەنگ ناھاتووە، بەڵام ئاکارو جۆری ھەڵسووکەوتی گۆڕان کە حەقێقەت تەنها بە لای منەوەیەو دەتوانم ھەرچی کارە بیکەم (گەر پێچەوانەی پەیمانەکانی خۆشم بێت.) ئەو رستەیە ھاوار دەکات؛ "منەتان بەھیچ، دەنگم پێنەدەن خۆتان زەرەر دەکەن."

بەڵام یەکیەتی بە پێچەوانەی گۆڕان هەستی بە هێزی جادوویی هەڵبژاردن کردو ململانەیەکی گەورە لە نێو دوو باڵی یەکیەتی لەسەر ئەم هێزە جادوویە سازبوو، دەقێق هەر ئەم ململانێە گەورە بووە هۆی ئەوەی کە خەڵک جارێکی دیکە روو لە یەکیەتی بکەنەوە‌و لەم دواین هەڵبژاردنەدا دەنگەکانیان زیاد بکا‌و گۆڕان کە منەتی دەنگدەری بە هیچ دەزانی ئاستی دەنگاکانی بەم جۆرە دابەزێت! کەواتە ئێمە روویەکی دیکەی رادیکاڵ بوونی کردەی هەڵبژاردن بۆمان روون دەبێتەوە؛ هەڵبژاردن تاکە گەرەنتی بەهێزی بەردەستی کوردە کە کورد تەنانەت لە خەسیسەی براکوژی‌و سڕینەوەش رزگار دەکات!

-        مەرگی کاریزما
کێشەی دیکەی ئێستای کورد کە خۆی لە یەکیەتیدا بە روونی نیشان داوە کێشەی کەسەکانە، واتا بە روونی دەبینین کە هەر کام لە باڵەکان دەیانەوەێت باڵ بەسەر کاریزمای مام جەڵال-دا بکێشن، کەسایەتی نێو یەکیەتی کاریزمای مام جەلال وەک میراتێک دەزانن کە دەبێت هەرچی زووترە یەکێکیان دەستی بەسەردا بگرێت، تمووعێکی ئاسایشە چون هێزێکی یەکجار سەرسووڕهێنەر تێیدا پۆنگی خواردەتەوە، بەڵام گرفت ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگایەی کە ئەم کاریزمایەی بە مام جەلال بەخشی ئێستە بوونی نیە، واتا ئێستە ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگایەکی کراوە رووبەرووین کە ئامادە نیە بە هیچ جۆرێک هێزی کاریزما بوون بە کەس ببەخشێت، ئەمەش بۆ تەحلیلی رۆژانەو بەردەوامی تاکی کورد دەگڕێتەوە، بۆ نموونە هەموومان دەزانین کە دوکتور بەرهەم چیها لێهاتووە‌و چی دەتوانێت بکات بۆ کورد، بەڵام دەش زانین بوونی هێرۆخان وەک ژنێکی تەواوباڵا فاعل چیها گرنگە لە بردنە پێشی دیمکڕاسی لە کوردستاندا، شۆخی نیە لە دوای مەستورە خان تاکە دەنگی زاڵی ژنی نێو کۆمەڵگای کوردە کە زۆرینەی مەکتەب سیاسیش دەرەقەتی نایەت، تاکی کورد هیچ سوودێک لەمەدا نابینێت کە هێرۆخان بە سوودی کەسێکی دیکە یان بەعەکسەوە تێکنۆکڕاتی وەک دوکتور بەرهەم لە بەر کەسێکی دیکە بکاتە قوربانی! ئەمە دەقێق هەمان دۆخی زۆرەملی پێکەوە ژیانی نێو دووباڵی یەکیەتییە کە بەردەوام ناچاریان دەکات لێک بئاڵن‌و کومەڵگای کوردی بەرو کراوەتر ببەن.

ئەوەی کە بەردەوام تاکی کورد هاوار دەکات؛ "کەس ناتوانێت جێگەی مام جەڵال پڕبکاتەوە." خۆی هاورای ئەم راستیەیە؛ "حەول مەدە کاریزمای مام جەڵال جارێکی دیکە پێشکەس بەکەس ناکرێت!" بەڵام بۆچی؟

لە کۆندا‌و لە سەردەمی مام جەلال-دا، بلیمەتی وەک مام جەلال ماتڵی ئەوە نەدەبوو تاکوو منی تاکی کورد تاییدی بکەم کە فڵانە کار بۆ کورد بکات یان نەی کات، کەواتە جۆرەیەک لە شەمی بلیمەتی، مام جەڵالی هان دەدا تاکوو دەست لە کارە دەگمەنەکان بدات کە لە ئەنجامدا هەمووانی دەپشۆکاندو رێزی هەمووانی بۆ لای خۆی دەکێشا، واتا هەمان کاریزما. بەڵام، ئێستە ئێمە لە کۆمەڵگایەکی نیوە کراوەو بە سیستمدا دەژین، لەم کۆمەڵگایەدا بەر لە هەموو شت چاوەڕوان دەکرێت کە هەموو شت بە دەنگ‌و بڕیاری خەڵکی بێت، کەواتە کاتێک کەسێک کارێکی دڵی خەڵکی گەیاندە ئەنجام هیچ منەتی نیە، واتا خەڵکی ماتڵن تاکوو هەمان کاریان بۆ بکات کە خۆیان پێیان راسپاردووە، هەربۆیە هیچ سەریان لە ئەنجامی کارەکە سووڕ نابێت تاکوو کاریزما بەو کەسە ببەخشن، ئەمە دەقێق دۆخی مەرگی کاریزمایە لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا.

بەڵام سیاسی کورد هێشتا لە هەمان ئارزووی کاریزمای مام جەلال-دان هەر بۆیە وەها یەک دەسڕنەوە یان لە حزبەکایان جیادەبنەوە، لە حاڵێکدا کۆمەڵگای کوردی بە هۆی ئاڵگۆڕیەوە جارێکی دیکە هەرگیز کاریزما بەکەس نابخشێتەوە. هەر بۆیە دەبینین لە نێو هەموو حزبەکاندا دوای کەسی کۆن‌و خاوەن کاریزما هیچ کەسی دووهەم بوونی نیە. گوڕان‌و پارتی رەنگە لە دوورەوە لەم دۆخی یەکیەتیە کە پێشەنگی کۆمەڵگای کوردیە بۆ خۆیان راوە ماسی بەکەن، بەڵام دۆخی دواتری ئەوان، واتا دوای شەخسی یەکەمی نێو حزبەکەیان، زۆر مەترسیدارتر لەم رۆی یەکیەتی دەبێت. دوای کاک نەوشیروان چی بەسەر گۆڕاندا دێت، ئەڵاهوئەعلەم؟ گەر ئێستە دەڵێن یەکیەتی بووتە زەوی فۆتباڵی ئێران، دوای کاک مەسعوود، تورکیا کە هیچ، لام وایە هەموو جیهان لە مۆندیالی پارتییدا بەشداری دەکەن! دوباڵی سەرەکی پارتی کە بە حوکمی کۆمەڵگای نوێی کوردیەوە سازبووە زۆر مەترسیدار بەیەکدا دەخوێنن! ئینجا پارتی یاری لەگەڵ شریکە نەوتیەکانی جیهاندا دەکات کە تەنانەت بەرژەوەندی ئەمریکاش رەچاو ناکەن چ بگاتە بەژەوەندی حزبێک لە دوای ئاڵۆزبوونیەوە هەر بۆیە دۆخی دوای کاک مەسعوود یەکجار هەراسناکە گەر لەسەر هەمان سیستمی سوونەتی بڕواتە پێش!

بڕوانن نەچیراوان بارزانی ساڵ‌هایە لەدوای ئەوەیە لەدوای کاک مەسعوود کاریزمایەک بۆ خۆی لە نێو زۆنگی زەرد-دا سازبکات، هەر وەک وتمان تموحێکی هیچ ئاساییە بگرە رەواشە بۆ هەمووان، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوەو هەرگیزیش ناتوانێت! چون دۆخی کاریزمای کوردی کاتی بەسەرچووە. کاک نەچیروان ساڵ‌ها حەولی دا تاکوو لە هەمان رەهەندی سوونەتی کۆمەڵگای کوردیەوە ئەم کاریزمایە ساز بکات، بەڵام تێگەشت کە ئیتر مووکین نیە شتی وەها روو بدات! ئینجا بە دەست‌پێشخری کاناڵی رووداو و چاكسازی لەم کابینە نوێیەدا لەم کارە بەردەوامە، واتا سیاسی کورد هێشتا وەک کیمیاگەری کۆن لە خۆلیای زێڕی کاریزمادایە کە ئیتر بەداخەوە هەرگیز دووبارە نابێتەوە! کەناڵی رووداو رێز‌و حورمەتی زۆر کەسی بەلای خۆیدا راکێشاوە، بەڵام ئایا ئەم کەناڵەو چاکسازی نێو حکوومەت کاریزماکەی کاک مەسعوودی بە نەچیروان بارزانی بەخشیوە تاکوو لە ئەگەری هەرجۆرە پێشهاتێک بتوانێت لە دوای کاک مەسعوود جێگەی مامی پڕبکاتەوە؟ هەرگیز، چون تاکی کورد بەم جۆرە لە کەناڵی رووداو و چاکسازیەکان دەڕوانێت؛ "رووداو و حکوومەت بە ئەرکی خۆیان هەستاون کە خواستی ئێمەیە، منەتی نیە!" نەک رووداو کە هیچ مێدیایەکی کوردی ناتوانێت لاینگەری کەس بکات، ئەگینا حوکمی مەرگی هەمان ک.ن.ن-ی گۆڕانی بەسەردا دێت، ئینجا چاکسازیش ئەرکی حکوومەتە، نەک منەت، ئەگینا هەڵبژاردنی داهاتوو بڕیاری سەخت‌تر دەدرێت، کەواتە هیچ کاریزمایەک بەکەس نابخشرێت‌و بێ سوودە ئەم هەڵات هەڵاتە ماندووکەرە!


-        میکانزمی هێگلی
ھێگلی ئەڵمانی بڕوای وابوو؛ گەر ھەموو زانستی جیھانیش قوورت بدەی، بەڵام لە چرکە ساتێکی زۆر دەگەمەندا ئاڵ‌وگۆڕ (جەھش)ێکی رادیکاڵ تێتدا روو نەدات، ھەر ھەمان مرۆڤە بێ سەوادو کۆیلە(مەفعول)کەی جارانی. لە سیستمی فەلسەفی ھێگلدا؛ ئەم ئاڵ‌و گۆڕە رادیکاڵە لە تێک‌ئاڵانی دوو ھێزی بەرانبەر بە یەک دێتە ئارا. بۆ نموونە؛ گەر من کارێکی خراپ نەکەم، ھەرگیز ھەست بە رەزیلی ناکەم، واتا ھەست بە رەزیل‌بوون(چاکە) تێم نائاڵێت تاکوو چرکە ساتی ھێز، کردە یان رانەیەک لە مندا بۆ چاک‌سازی سازبێت، ئەو چرکەو ھێز‌و کردەی کە لە دەرەنجامی تێک‌ئاڵانی دوو ھێزی بەرانبەر بە یەکتر سازدەبێت.

ئینجا زۆر روونە کە لەم تێک‌ئاڵانی دوو باڵەدا، سماتەکاریەکی زۆر روو دەدات‌و ئەمە دەقێق هەمان دابەزین بۆ خواستی بەرانبەرە. لەمەش سەیرتر ئەوەیە کە هیچکام لە باڵەکان تاکوو ئەبەد هەڵگری درووشمی باشە یان خراپە نین، رووداوەکانی نێو کۆمەڵگا وا دەکات کە ناوبەناو هەردووکیان هەم هەڵگری ئاڵای چاکە بن‌و هەم هەڵگری ئاڵای خراپە یان هەمان رسوایی کە هەم چاکەو هەم رسوایەکە پێشکەشی کۆمەڵگایە بۆ حزب! چون هەڵقوڵاوی رووداوە نوێکانی کۆمەڵگایەو دەبێت حزب چارەسەریەکیان بدۆزێتەوە، واتا هەمان تێوەگلان لە کێشەکان!

ململانێی نێو حزبەکان تەنها نیشانەی زیندوو بوونی ئەوانەو بۆ ئەم سەردەمە نوێیەش زۆر ئاساییە. ئەگەر پێشووتر یەدەنگی نیشانەی هێز بوو ئەوە ئێستە کۆدەنگی نیشانەی هێزە‌و کۆدەنگیش تەنها لە ململانەی نێو باڵەکان کە خۆی ئالوودەی واقع‌و رووداوە نوێکانی نێو کۆمەڵگایە سەرچاوە دەگرێت(سازبوونی ململانێ شتێکی زۆر ئاساییە، ئیتر وەک پێشوو کۆمەڵگای کوردی تەنها بە کوێستان کۆتایی نایەت کە تەنها رێگاچارەیەکیشی هەبێت، ئەم کۆمەڵگایە بەردەوام رووداو‌ و واقعی نوێ ساز دەکات، ئەو واقع‌و رووداوە نوێیانەی کە وڵامیان لای هیچ حزبێک ئامادەو دەستبەجێ بوونی نیە کە خێرا لە باخڵی دەری بێنێت، کەواتە بۆ پەیداکردنی وڵام‌و رەێگەچارە باڵاەکان ناچارن لە تێوەگلانی‌ رووداوەکە کە دەبێتە هۆی جیاوازی بیروڕا کە خۆی یانی قووڵ‌تر بوونەوەی ململانێی نێو دوو باڵی سەرەکی حزبەکان.) کەواتە  تەنها ئەو حزبانەی براوەی یەکمی ئەم دۆخە نوێیەی کوردوارین کە هەڵگری زیاترین ململانێی نێو خۆین، بۆنموونە حزبی سوسیاڵ دموکڕاتی کوردستان هیچ کێشەیەکی نیە، بەڵام بەداخەوە هیچ هەژموونێکیشی نیە!

بە درێژایی مێژوو، کوردەواری باڵی لێکترازاوی نێو خۆی کپ کردووە، ئەمە ناچاری یان رێگەچارەی سەردەمی کاریزما بوو، بەڵام ئێستە هەبوونی ئەم دەنگە بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەرگۆمێنتەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارە پێویستە، واتا ھەمان باڵی گرنگی سازکردنی چرکە یان ھێز یان کردە لەم کۆمەڵگایە نوێیەدا کە ئێستە بە هەڵە بە خراپ لەقەڵەمی دەدەین، ھەر بۆیە ھەمیشەو بە حوکمی سوونەتی کوردەواری لەم ملمانێیانە دەترسین کە ئێستە ناچارین ملی پێبدەین. واتا لە رابردوودا سڕینەوەو یەک دەنگی نیشانەی هێزو کاریگەری بوو چون رێگایەک بۆ ساڵانێکی دوورو درێژ هەڵبژێردراو خەباتی بۆ دەکرا، بەڵام ئێستە بە هۆی ئالوودە بووونی کورد بە جیهانەوە هەر رۆژەو بابەتێکی نوێ دێتە نێو کۆمەڵگای کوردی کە دەبێت ململانێی لەسەر بکرێت. لە کۆندا یەکجار کاریزمای مام جەلال یان مەلا مستەفا بڕیارێکی دەردەکرد هەموو پێشوازیان لێدەکرد هەتا ساڵانێکی زۆر، بەڵام ئێستە دەبێت هەر رۆژە قسە لەسەر رووداوە خێرا خێراکان بکرێت کە بە داخەوە حەل کردنیشیان کاریزما بەکەس نابەخشێت چون لە روانگەی کۆمەڵگا نوێکەی کوردەواریەوە تۆ خەریکی ئەرکت بە جێ دێنیت‌و خۆت وەک سەردەمی شاخ بەخت نەکردووە بەڵکو کۆمەڵگا هەڵی بژاردووی کە ئەرک بەجێ بێنی!

با بچینەوە سەر یەکیەتی؛ ئێستا یەکیەتی لە ھەمان چرکە ساتی دەگمەنی سازکردن‌و خۆڵقاندنی ھێز‌و کردەی نوێ لە نێو خۆیدایەو ھەموو ئەو گەڕانەوەی خەڵکی روو لە یەکیەتی، دەقێق بۆ ئەم جەدەل‌و ئەرگۆمێنتە نەشاردراوەی نێو یەکیەتی دەگەڕێتەوە، ئەو ئەرگۆمێنت‌و جەدەلەی کە بچووککراوەی هەمان ئەرگۆمێنت‌و جەدەلی رۆژانەی نێو کۆمەڵگای کوردییە. زۆرکەس لای وا بوو ئەم جەدەل‌و ئەرگۆمێنتەی نێو یەکیەتی‌و دزەکردنی ھەواڵەکانی نێو یەکیەتی بۆ نێو خەڵک، یەکیەتی زۆر لاوازتر دەکات‌و مەرگی یەکیەتیان بێ ھیچ حسابێک راگەیاند‌و لایان وابوو؛ ئێستە لە یەکیەتیدا "ھەریەکەو لە ئاوازێک دەخوێنێت." رستەی "ھەریەکەو لە ئاوازێک دەخوێنێت." راستەخۆ بە ئێمە دەڵێت کە کۆمەڵگای سوونەتی کورد بۆ جیاوازی دەنگ(ھەر یەکەو لە ئاوازێک) ھیچ کە بایەخ دانانێت ئاوا جیاوازی دەنگەکانیشی پێ شتێکی هەراسناکە. گوێی سوونەتی کورد نازانێت چۆن لە فرەدەنگی گوێ بگرێت‌ چون دەیزانی فرەدەنگی یانی مەرگ، کەواتە ئەم فرەدەنگییە یاسی دەکرد‌و ئینجا کار دەگەشتە ئاستێک کە گۆچانێک بکێشێت لەم قرم‌وقاڵەو بە یەک دەنگ ھەموویان کپ بکات تاکوو تاوێک لە دواێنی کێوەکانیدا بحەسێتەوەو درێژە بە هەمان رێگا خۆبەخشەکە بدات. ئەمە بەشێکی گرنگی سایکۆلۆژیای سوونەتی کوردە، ھەر بۆیە ھەموومان لامان وابوو کە یەکیەتی داڕماو نەجاتی بوو.

ئێستە لای من پرسیاری گرنگ ئەمەیە؛ ئایا یەکیەتی ئەم نێشتەجێ بوونەی لە گرنگ‌ترین ساتەوەختی سازکردنی چرکە(تێک ئاڵانی باڵەکان‌ بە جیوازی دەنگ‌و رەنگەوە)و مەرگدا(سڕێنەوەی دەنگەکان‌و زاڵ‌بوونی یەک دەنگ ئەگرچی باشترینیش بێت) بەرەو سازکردنی چرکەو ھێزی فاعلی نەک مەرگی مەفعوولی دەقۆزێتەوە؟ واتا ئایا یەکیەتی ئەم چرکە ساتەی بڕیاردانە بەرەو دۆخی فاعل‌بوون دەقۆزێتەوەو دەتوانێت سیستمە قورس‌و هەستیارەکەی هێگل لە نێوخۆیدا پەیڕەو بکات‌و ئینجا وەک ویروس ئەم چرکە ساتە گرنگەی بە فاعل‌بوون‌و کۆدەنگیە (نەک یەک‌دەنگی) لە کوردەواریدا بڵاودەکاتەوەو ھەمووان ئالوودە بکات یان نا ھەمان سوونەتی کۆنی سڕینەوەی کوردەواری تیکرار دەکاتەوە کە ئێستە لە کۆمەڵگای کوردییدا چارەسەر نیەو بەعەکسەوە دەبێتە دووقاش‌بوون‌و مەرگی خۆی‌و مەرگی فاعلیەت‌و کۆدەنگی کوردەواری؟

ئیتر با قسە لە گۆلی ئاوی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، ئاوە حەیاتەکە، سامەنە سرۆوشتیە ئەبەدیەکە کە رەھاترین دۆخت پێدەبەخشێت، بەڵام تەنھا بۆ ماوەیەکی کەم(٤ ساڵ)، واتا ھێزی بڕیاردانی ھاوڵاتیان، هەر نەکەین چوون هیچ هێزێک وەک یەکیەتی تاکوو ئێستە هەستی بەم تەنگەژە نوێیەی نێو کۆمەڵگای نوێی کورد نەکردووە!
لە نووسینی؛ ئەحمەد ئەمانی

No comments:

Post a Comment